ئه‌مینداری یه‌كگرتوو له‌ عه‌لی باپیر دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌
عه‌لی باپیر دوور له‌ ئه‌ته‌كێت وشه‌یه‌كی نه‌شیاوی به‌رامبه‌ری به‌كارهێنا

:: PM:02:43:20/10/2016 ‌

دوای سەردانەكەی شاندی كوردستان بۆ بەغدا، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كە ئەندامی شاندەكە بوو، هێشتا پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئاسایی نەبووەتەوە، بەهۆی ئەو دەستەواژەیەی بەكاری هێنابوو كە بە "ئابڕووبەر" ناوزەند كراوە.

ڕۆژی 29ی ئەیلول/سێپتەمبەر، شاندێكی باڵا بە سەرۆكایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوونە بەغدا و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی ئەندام بوو تێیدا، ناوبراو لەلایەن خۆیەوە داوای لە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كردبوو كە بەشداری ئەو شاندە بكات، بەڵام جگە لەوەی ڕەتی كردبووەوە، پێشنیازیشی بۆ ئەمینداری یەكگرتوو كردبوو نەچێتە بەغدا، بەڵام پێشنیازەكەی قبووڵ نەكرد، بۆیە كاتێك گەڕانەوە كوردستان، عەلی باپیر بە توندی ڕەخنەی لە سەڵاحەدین بەهادین گرت و پێی گوت: "مامۆستا سەڵاح ڕەگەڵ بارزانی كەوتووە".

دەستەواژەی "ڕەگەڵ" كە هاوواتای "ڕەدووكەوتنە" وشەیەكی ئابڕووبەرانەیە، بۆیە سەڵاحەدین بەهادین و ئەندامانی یەكگرتووی ئیسلامیی تووڕەن ئەو زمانە ناسیاسییەی عەلی باپیر بووەتە مایەی دووركەوتنەوەی زیاتری ئەو دوو حزبە كە ماوەیەك بوو "كاریان بۆ یەكگرتن" دەكرد.

ئەم دەنگدانەوەیە، عەلی باپیر ناچار دەكات بەیاننامەیەك بڵاو بكاتەوە و بڵێ: "با هیچ كەس بەبیانووی بەرگریكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی ‌و مامۆستا سەڵاحەدین ‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌ و بەندە، قسە بەوی ترمان نەڵێ‌، چونكە ئێمە برایەتیمان سەقامگیرە و هەوڵی پتەوكردنیشی دەدەین، بۆیە قسەگوتن بە هەر لایەكمان، قسەگوتنە بەوی دیكەیش".

جێی ئاماژەیە شاندەكەی چووبوونە بەغدا بە فەرمی لەلایەن مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بانگێشت كرابوون، بەڵام عەلی باپیر لەلایەن كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بانگهێشت كرابوو، دواتر بارزانی ڕەزامەند نەبووە، بەڵام ئەوان هەوڵیانداوە عەلی باپیریش بەشدار بێت.

دوای زیاتر لە 20 ڕۆژ بەسەر ئەو سەردانە، هێشتا نێوانی یەكگرتوو و كۆمەڵ ئاسایی نەبووەتەوە، ئەندامێكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە "وشە"ی گوت: عەلی باپیر سنووری ڕێزی بەزاندووە و دەبێ بە ڕێزەوە داوای لێبووردن بكات.


وشە - كوردۆ شابان