ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەشت تیرۆرست لە كەركوك گیراون

:: PM:07:40:23/10/2016 ‌



ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستگیر كردنی هەشت تیرۆرستی داعش لە كەركوك ڕادەگەیەنێت.

دەڵێت، زیاتر لە 100 تیرۆرست بوونە كە هێرشەكەی سەر كەركوكیان ئەنجام داوە .

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

راگەیەندراوێك لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە لە بارەی هێرشە تیرۆریستیەكەی 21/10/2016 بۆ سەر شاری كەركووك.

دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 21/10/2016 لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە هێرش كرایە سەر چەندین گەڕەكی باشووری شاری كەركووك و قەزای دبس، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بە پاڵپشتی جەماوەر، توانیان ئازایانە رەوشەكە كۆنترۆڵ بكەن و شكست بەو نیازەی داعش بێنن كە، بتوانن بۆ ماوەیەكی زۆر خۆیان لە چەند گەڕەكێكی كەركووكدا حەشار بدەن و بە دروستكردنی پشێوی گوایە گوشار لە سەر موسڵ كەم دەكەنەوە.

لە پەرچەكرداری هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و خۆبەخشانی شاری كەركوكدا، توانرا زۆربەی تیرۆریستان لە ناوەوە و دەرەوەی شار لەناو ببردرێن.

هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی هێزەكانی ئاسایشی كەركووك و ئاسایشی هەولێر، لە ناو شاری كەركووكدا توانرا چەند تیرۆریستی بەشداربووی ئەم كردارە تیرۆریستیە دەستگیر بكرێن بە ناوەكانی:

1.ئەكرەم تاها عیدان ئەحمەد دلێمی، ناسراو بە ئەبو مستەفا، ئەمیری ئەمنیی كەرتی كەركوكی داعش، بەشداربووی كردەوە تیرۆریستیەكە.

2.عەبدولرەحمان فازل عەبولرەحمان ئەلعززی، ناسراو بە ئەبو محەمەد بەرپرسی ئیداری و مالیی داعش لە ناو كەركوك، بەشداربووی كردەوە تیرۆریستیەكە. 3.عەبدولعەزیز مەحمود عیدان دلێمی، ناسراو بە عەزاوی، بەشداربووی كردەوە تیرۆریستیەكە و كاری چاودێری پێشوەختەی ئامانجەكان.

4.عەبدولرەحیم ئەحمەد عەبدوڵڵا یاسین، ناسراو بە ئەبو عەلی، هاوكاری ئیداریی تیرۆریستان بەر لە هاتنیان بۆ ناو شار و دواتر بەشداریی كردەوەكە.

5.لەیس فەلاح نعمە ئەحمەد جەبوری، ناسراو بە ئەبو غەسان، بەشداربووی كردەوە تیرۆریستیەكە و ئەندام لە كەتیبەی ئینغماسی.

6.عەبدولرەحمان فازل عەباس محەمەد عوبێدی، ناسراو بە ئەبو یەحیا، گواستنەوەی خۆكوژەكان بۆ دبس.

7. عەلی حوسێن حەمەد ئیبراهیم جەبوری، ناسراو بە ئەبو موحەمەد، داڵدەدانی تیرۆریستان و گواستنەوەیان.

8.موهەنەد ئیبراهیم عەلی دلێمی، ناسراو بە ئەبوو لەیس، بەشداربووی كردەوە تیرۆریستیەكە و گواستنەوەی تیرۆریستان بە قەلاب بۆ نزیك كەركوك.

ئێستا لێكۆڵینەوە لەم كەسانە بەردەوامە و بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەكان دەركەوتووە كە، سەرپەرشت و پلاندانەری ئەم كردەوە تیرۆریستیە كەسێكە بە ناوی (مازن نەزهان ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەلعوبێدی ئەلریاشی) كە ناسراوە بە (ئەبو ئیسلام ئەنساری) ناوبراویش بە برینداری لە گەڕەكی یەكی حوزەیران لە لایەن هاووڵاتیانەوە دەستگیر كراوە و دراوەتە دەست لایەنە ئەمنیەكانی كەركووك.

ئەم تیرۆریستانە توانیویانە لە بۆشاییەكی نێوان داقوق و بەشیر سوود وەرگرن و دەستە دەستە چەكدارەكانیان لە حەوێجەوە بهێننە نزیك شەریكەی تارق لە باشووری كەركوك و دواتر تیرۆریستان كە ژمارەیان لە سەرووی سەد چەكدار بووە بە چوار بارهەڵگری كیا و قەلابێك گواستراونەتەوە بۆ كەركوك و بە سەر ئەو شوێنانە دابەشكراون كە كرانە ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەكەیان.

لێكۆلینەوە لەم كەسانە بەردەوامە و لە ماوەیەكی نزیكدا هاووڵاتیانی خۆڕاگری كەركوك و كوردستان لە ئەنجامەكان ئاگادار دەكەینەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

23/10/2016

وشە /رامیار جواد



وشە - باز ئه‌حمه‌د